23/02/2023
چۆن لە چاویلکە ڕزگارم بێت؟
جارێ با ئەو پرسیارە بکەین، ئایا پێویست دەکات لە چاویلکە ڕزگارت بێت؟ ئایا پێویست دەکات ڕێکلام بکەین و بڵێین وەرە خۆت لە چاویلکە ڕزگار بکە؟!
بە خوێندنەوەی ئەم بابەتە وەڵامی ئەو پرسیارەت دەستدەکەوێت!
هیچ ڕێگایەک نییە کە لە چاویلکە ڕزگارت بکات جگە لە نەشتەرگەری. نەشتەرگەریەکانی لابردنی چاویلکە بەشێوەیەکی گشتی سەلامەتن. بەڵام ڕێیتێدەچێت ببێتە هۆی دروستکردنی گرفتی گەورە یان بچووک بۆ چاو.
لە زۆربەی وڵاتان نەشتەرگەری لابردنی چاویلکە، بیمەی تەندروستی نایگرێتەوە چونکە بە نەشتەرگەری جوانکاری هەژمار دەکرێت.
کەسێک ئەگەر لەگەڵ چاویلکەکانی موڕتاح بێتو کاریگەری لەسەر دەروونی کەسەکە دروستنەکردبێت، یان شوێنی کارەکەی ئەوە نەخوازێت کە چاویلکە لەچاو نەکات وەک ئەوانەی لە بواری ئاسایش و سەربازی خزمەت دەکەن، ئەوا پێویست ناکات نەشتەرگەری بکەی بۆ ڕزگاربوون لە چاویلکە، بەڵام وەک هەر نەشتەرگەریەکی جوانکاری، بڕیار لەدەست کەسەکەیە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە نەک پزیشکانی چاو.
نەشتەرگەری بۆ لابردنی چاویلکە بۆ کێ پێویستە؟
١. کەسێک لەبواری ئاسایش و سەربازی خزمەت بکات.
٢. کەسێک جیاوازی پلەی نێوان هەردوو چاوی بە جۆرێک بێت کە لە چاوکردنی چاویلکە گونجاو نەبێت.
ڕێگاکانی ڕزگاربوون لە چاویلکە:
١. بۆ ئەو کەسانەی کە لاربینی، دووربینی یان نزیکبینیان هەیە، باشترین ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە چاویلکە ڕاستکردنەوەی بینیە بە لێزەر کە بۆ ئێستا باوترینیان بریتین لە (PRK, LASIK & FEMTOLASIK, RELEX SMILE)' بۆ ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییانە باشترە تەمەنی کەسەکە لە ١٨ ساڵ زیاتر بێت و دەرەجەی چاوی بۆ ماوەی یەک ساڵ هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتبێت و گرفت لە گلێنەی چاوی نەبێت.
٢. چاندنی عەدەسەی هەمیشەیی لەگەڵ هێشتنەوەی عەدەسەی سروشتی کەسەکە ICL, ئەوە بۆ ئەو کەسانە باشە کە دەرەجەیان بە جۆرێک بەرزە کە ناتوانرێت نەشتەرگەری ڕاستکردنەوەی بە لێزەر بۆ بکرێت و تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٤٠ ساڵانە.
٣. نەشتەرگەری گۆڕینی عەدەسەی چاو. بریتییە لە لابردنی عەدەسەی سروشتی و چاندنی عەدەسەی یەک دووری کە کەسەکە دوای نەشتەرگەری پئویستی بە چاویلکە دەبێت بۆ خوێندنەوە، یان شتی وورد و نزێک یانیش چاندنی عەدەسەی فرەدووری کە کەسەکە دوای نەشتەرگەری دوور مامناوەند و نزیک دەبینێت بەڵام بە کوالێتی زۆر باش نا، هەرچەندە کەسەکە لە چاویلکە ڕزگاری دەبێت. ئەو نەشتەرگەریە بۆ ئەو کەسانە باشە کە تەمەنیان لە ٤٠ ساڵ زیاترە و دەیانەوێت چاویلکە لەچاو نەکەن.
٤. ئەوانەی نەشتەرگەری ئاوی سپییان بۆ دەکرێت، دەکرێت عەدەسەی یەک دووری یان فرە دووری لە چاویان بچێنرێت، هەرچەندە نەشتەرگەری ئاوی سپی پۆلێن ناکرێت لەگەڵ ئەو نەشتەرگەریانەی کە تەنها بە مەبەستی ڕزگاربوون لە چاویلکە دەکرئت.
٥. بەمەبەستی ڕزگاربوون لە چاویلکەی خوێندنەوە، نەشتەرگەری پرێسبیەند presbyond دەکرێت، بەڵام ئەم نەشتەرگەریە زۆر سەرکەوتوو نییە.
دووبارەی دەکەمەوە؛ هەریەک لەو نەشتەرگەریانە دەکرێت گرفتی گەورە یان بچووک دروست بکەن بۆ چاوی کەسەکە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی سەلامەتن، بەڵام چاویلکە سەلامەتترە.
ئەم بابەتە زیاتر قسە هەڵدەگرێت، کە پزیشک لەکاتی بینینی نەخۆش و وردەکاریەکان لەگەڵ نەخۆش باس دەکات، بەڵام بۆ ئێرە ئەوەندە بەسە هەتا تاقەتی خوێندنەوەیتان هەبێت.
دکتۆر ابوبكر ظاهر کاوانی
پسپۆری نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو